هەواڵ و چالاکی
...

بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی سەردانی ژمارەیەک ناوەندی گرنگ و کتێبخانە و دەزگای کولتووریی میسری دەکات

خاتوو کەوسەر محەمەد ئەمین قادر بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، لە رۆژانی(٢٦ تا ٢٠٢٤/٢/١) گەشتێکی پڕ لە چالاکی و بەرهەمداری بۆ وڵاتی میسر ئەنجامدا، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری و توندوتۆڵكردنى پەیوه‌ندیى ڕۆشنبیرى و زانستى و فەرهەنگی و هەنگاونان بۆ پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش. خاتوو کەوسەر محەمەد بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، لەدیدارەکانیدا بەڕێوەبەری کتێبخانە، لەبارەی مێژوو و پێکهاتەی کتێبخانەی ئەوقاف دووا کە تاکە ناوەند و ئەرشیفی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پێشەنگ و دێرینەکانە و ژمارەیەکی زۆر دەستنووس، کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامە، بەڵگەنامەی تێدا کۆکراوەتەوە و لە فەوتان ڕزگارکراون و پلان و پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ خزمەتکردنیان دانراوە و لەجێبەجێکردندایە. هەر لەمیانەی دیدار و گفتوگۆکانیدا، خاتوو کەوسەر محەمەد تیشکی خستەسەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی ئەوقاف کە یەکێکە لەدامەزراوە رەسمییەکانی حکومەتی هەرێم و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیە، تۆڕێکی پێوەندیی لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان و زانکۆکان و کتێبخانەکان لەناوخۆ و دەرەوەدا هەیە و کار بۆ فراوان کردنیشی دەکات. بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، لەو سەفەرەدا دیدار و کۆبونەوەی لەگەڵ ئەم دەزگا و لایەنانە ئەنجامدا: ١. پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی قاهیرە و ژمارەیەک سەرچاوە و کتێبی دانسقەی بۆ کتێبخانەی ئەوقاف کڕی. ٢. پەیمانگەی دەستنووسی عەرەبی (معهد المخطوطات العربية)، چاوی بە هەر یەکە لە دکتۆر ئەحمەد عەبدولباسط و دکتۆر موراد ئەلڕیفیی بەڕێوەبەری پەیمانگەی ناوبراو کەوت. ٣. ناوەندی ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوەی کەلەپووری عەرەبی (مرکز تحقيق و دراسة التراث العربي)ی سەر بە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا. دکتۆر ئەنەس عەتییە فەقێ بەگەرمی پێشوازیی‌کردن و بەهەمان شێوە باسی دەستنووسەکانی کتێبخانەی ئەوقاف و کارەکانی بواری ساغکردنەوە و دیجیتاڵکردن و نۆژەنکردنەوەیان بۆ کرا. ٤. کۆمەڵەی میسری بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی (الجمعية المصرية للدراسات التأريخية). پاش بەسەرکردنەوەی کێبخانەی کۆمەڵەی ناوبراو، چاویان بە سەرۆکی کۆمەڵە دکتۆر خەڵەف عەبدولعەظیم سەیید ئەلمیری کەوت، باسی بیرۆکە و مێژووی دامەزراندن و چالاکییەکانی کۆمەڵەیان بۆ کرا. ٥. کێبخانەی ئەسکەندەرییە، بەشی پێوەندیی گشتیی ئەو کتێبخانەیە پێشوازییەکی گەرمی لێ‌کردن و زۆربەی بەشەکانی کتێبخانە و مووزە و بەشی نۆژەنکردنەوە و مشتوماڵدانیان پێ بەسەرکردنەوە. دواتر چاویان بە بەڕێوەبەری کتێبخانە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد زاید کەوت. ٦. سەردانیکردنی دەستەی گشتیی خانەی کتێب و بەڵگەنامەی نەتەوەیی (الهيئة العامة لدار الكتب والوثائق القومية). لەم سەردانەدا کتێبخانە تایبەتەکانی بنەماڵەی پاشایەتی و عەباس مەحموود عەقاد و کتێبە دەگمەنەکانیان بەسەرکردەوە. لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەری دەزگاو ناوەندە کولتوورییەکان و کتێبخانەکان و توێژەر و مامۆستایانی زانکۆ لە میسر بە بایەخ و خۆشحاڵییەوە گوێبیستی وتەکانی بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقاف بون، هاوکات پرسیاریان ئاڕاستە دەکرد بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و زیاتر ئاشنابوونیان بە کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی. لەو سەفەرەدا، بەڕێزان ڕەفیق ساڵح بەڕێوەبەری بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و حەمەعەلی محەمەد مەعرووف بەرپرسی بەشی کتێبخانەی پەروەردە لە یەکەی کتێبخانەی بنکەی ژین و دوو دۆستی ‌تر لەو سەفەرەدا بەشداربوون. بەسوپاسەوە بەڕێزان نادیە ساڵح و د. جواد بەیزانیش، بە سوپاسەوە کاریان بۆ ڕێکخستنی ئەو چاوپێکەوتنانە کرد.