ڕۆژی ۱٤ی ئایاری ۲۰۲٤، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، دیداری زانستیی زانای كورد ئەحمەد فائیز بەرزنجی ڕێكخست و تێیدا وەفدێکی کتێبخانە کە پێکهاتبوون لە کەسەر محەمەد بەڕێوەبەری کتێبخانە و عوسمان ئیسماعیل لێپرسراوی هۆبەی دەستنووسەکان و ژمارەیەک فەرمانبەر بەشداربوون. لە مەراسیمەکەدا کە لەلایەن ناوەندی کوردستان بۆ دۆکۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی زانکۆی سلێمانییەوە رێکخرابو، چەند پانێڵێك لەسەر كار و بەرهەمەكانی مامۆستا ئەحمەد فائیز لەلایەن توێژەران و كەسانی ئەكادیمییەوە پێشكەشكران. جێی باسە، ئەحمەد فائیز بەرزنجی نەوەی سەید حەسەنی سەعدانی گڵەزەردەیە، یەكێكە لەهەڵكەوتووەكانی ماڵباتی بەرزنجی و لە نێوان ساڵانی ۱٨٤۳-۱۹۱٨ دا ژیاوە، ناوبانگی ئەحمەد فائیز سنوری جوگرافی كوردستان و عیراقی بڕیووەو نزیكەی ۲۱ دانراوی بە زمانەكانی عەرەبی و توركی و فارسی هەیە. ئەمڕۆ، لە زانکۆی سلێمانیدا، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بەشداریکرد لە دیداری زانستیی زانای کورد ئەحمەد فائیز بەرزنجی کە لەلایەن ناوەندی کوردستان بۆ دۆکۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی زانکۆی سلێمانییەوە، ڕێکخرابوو. بەڕێز تاڵیب سەید عەلی بەناوی بنەماڵەکەیانەوە سوپاسی زانکۆی سلێمانی و وەزارەتی ڕۆشنبیریی و پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی و توێژەرو بەشداربووانی کرد، بۆ سەرخستن و بەڕێوەبردنی ئەم دیدارە.