بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری کتێبخانە، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی زانا و بیرمەندی کورد شێخ محەمەد خاڵ، کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی کۆڕێکی ناساندن و دابەشکردنی(پێرستی دەستنووسەکانی خاڵ)ی سازکرد. رۆژی دووشەممە ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٤، مەراسیمێکی شایستە لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی سازکرا، بە مەبەستی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی فەرهەنگی دەستنوسەکانی شێخ محەمەدی خاڵ. لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، خاتوو کەوسەر محەمەد بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، لە وتەیەکیدا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان باسی لە کەسایەتی کاریگەر و خزمەت و بەرهەمەکانی شێخ محەمەدی خاڵ و ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد. دواتریش تیشکی خستەسەر ئەو دەستنووس و سەرچاوانەی کە لەلایەن خاڵەوە نوسراوە یان پارێزراوە و لەئێستادا لە کتێبخانەی ئەوقافدایە و بەخزمەتێکی کەم وێنەی ناوبرد. دواتریش، مامۆستا نوری فارس حەمەخان وتارێکی لەسەر ژیان و بەرهەم و خزمەتەکانی شێخ محەمەدی خاڵ پێشکەشی ئامادەبووان کرا. لەبڕگەی دیکەی مەراسیمەکەدا، کتێبی فەرهەنگی دەستنوسەکانی شێخ محەمەدی خاڵ کە لەلایەن د.عەدنان هەورامانی ئامادەکراوە، ناسێنرا و وێنەیەکیش لە کتێبەکە بە ئامادەبووان بەخشرا و پاشان فلیمێکی دۆکۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی شێخ محەمەدی خاڵ نمایشکرا.