کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی ناسراو بە کتێبخانەی دایک، یەکێکە لەو ناوەندانەی کە ماوەی ٢٣٩ ساڵە پرشنگی درەوشانەوەی کتێب و کارو چالاکییەکانی ئەم شارەی ڕووناک کردۆتەوە. مێژووی بنیاتنانی کتێبخانەکە ئاوێتەی بنیاتنانی شاری سلێمانییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە مێژووی دروستبوونی ئەم شارە هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنچینەیەكی رۆشنبیری و ئەدەبی بنیاتنراوە و هەر بەشاریی لەدایكبوە، هەر لەو رۆژگارەدا منەوەرانی کوردو سلێمانی لەخەونی دامەزراندنی کتێبخانەیەکی پڕ لەسەرچاوە و زانیندا بوون. شارە حەیاتەکە پێگهیهكی گهورهی له مێژوی كوردستان و ناوچهكهدا ههیه، وەکچۆن لەزۆر بوار و سێکتەردا داهێنەر و رچەشکێن بوە و هەمیشە بیری داهێنەرانە لەم شارەوە سەرچاوەی گرتووە و مهڵبهندی هونهر و شیعر و ئهدهب و بزاڤی كۆمهڵایهتی و سیاسی بوه، مێژووی کتێبخانەی ئەوقافیش ئایکۆنێکی دیکەی رچەشکێنی شارەکەیە و هەر لەوکاتەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوخساری ڕۆشنبیری لەم شارە درەوشاوەتەوە، کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی کە میراتێکی گەورەی رووناکبیران و نووسەران و خەمخۆرانی میللـەتەکەمانە بەتایبەت لەسەردەمی میرنیشینی بابان، بە چەندین قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوەو چەندین کەسایەتی و رووناکبیری ئەم شارە رۆڵیان گێڕاوە لە خزمەتکردنی ئەم کتێبخانەیەدا. ئەم كتێبخانە چالاک و ناوەڕۆك دەوڵەمەندە بەدەستنووس و کتێب و گۆڤار و رۆژنامە، درێژەپێدەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و ئەدەبییە كە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم شارەوە دەستیپێكردوە، ئێستا بەشێوەیەكی پێشكەوتوو بە سیستمی جیهانیی و سەردەمیانە سەرچاوەكانی پۆلێن كراون، هەوڵەكانیش بۆ بوژاندنەوەی كتێبخانە بەتایبەت بە ئەلیكترۆنیكردنی دەستنووسەكان و سەرچاوە دەگمەن و ناوازەکانی هەنگاوی باشی بۆنراوە و بەردەوامە. کەوسەر محەمەد بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقاف